سێ چالاکی مەدەنی لە بۆکان، لەسەر دۆخی پینج گیراوی سیاسیی کورد نامەیەکیان بۆ سادق لاریجانی نارد

16:52 - 7 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ چالاکی مەدەنیی کورد لە شاری بۆکان، سەبارەت بە دۆخی پێنج زیندانیی سیاسی کورد، نامەیەکیان پێشکەشی سەرۆکی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوار شەممە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕ سەحەر سەعادەتی، حەمیدە کاکەپوور و رەزا شەریفی بۆکانی، سەبارەت بە رەوتی دادگایی کران و حوکمی دادگای ئینقلاب بۆ چوار گیراوی سیاسیی کورد نامەیەکیان پێشکەشی سادق لاریجانی کرد.

ئەو سێ چالاکە کوردە، ئەو نامەیان لەسەر دۆخی پەروەندەی محەمەد سەدیق کەبوودوەند، مەسعوود و خسرەو کوردپوور، محەمەد نەزەری و عوسمان مستەفاپوور، پێنج زیندانیی سیاسیی کوردی نێو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران نووسیوە.

ئەو چالاکانە لە نامەکەدا وێڕای بە ناعادڵانە زانینی حوکمی زیندانیی ئەو پێنج گیراوە سیاسییە کوردە، خوازیاری پێداچوونەوە بە حوکمی ئەو کەسانەدا بوون.

هەروەها داوایان کردووە، لە دادگایەکی عادڵانەدا و بە ئامادەبوونی پارێزەر، پێداچوونەوە بە دۆسیەی عوسمان مستەفاپوور و محەمەد نەزەری دوو زیندانیی بەپێشینەی نێو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بکرێت و لە ئەنجامدا لە زیندان ئازاد بکرێن.

\"20814.jpg\"
عەدنان حەسەن‌پوور بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانیی نێو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، ناڕزایەتییان بە بڕیاری سەرەڕۆیانەی راگواستنی عەدنان حەسەن‌پوور عەدنان حەسەن‌پوور لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بێبەری کرانی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە لە مەرەخەسی، دەربڕیووە.

ئەو سێ چالاکە کوردە رۆژی چوارشەممە ئەو نامەیان پێشکەشی دەفتەری سادق لاریجانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردووەو هەتا ئەو کاتەی داواکانیان بە ئەنجام نەگات، دەقی نامەکە بڵاو ناکانەوە.