سێ چالاکی مەدەنی بە زیندان مەحکووم کران

10:52 - 17 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، سێ چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەی بە زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ژاکا ئیسماعیل پوور"، "هومەن فەیزی" و "شاهۆ خزری"، خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەو شارەوە بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو بڕیارە، "ژاکا ئیسماعیل پوور" بە سێ مانگ زیندان، "هومەن فەیزی" بە چوار مانگ و "شاهۆ خزری" بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیزی مەحکووم کراون.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو سێ چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردن لە کۆبوونەوە نایاساییەکان" ١ی بەفرانبار بەڕێوە چوو و ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار ئەو حوکمە بەوان ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر، پاش کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا لە بۆکان، ئەو سێ چالاکە مەدەنییە لەگەڵ چالاکێکی مەدەنیی دیکە بە ناوی "سمکۆ مەعرووفی" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەزەڵوەر، ئەو چوار چالاکە مەدەنییە، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، "سمکۆ مەعرووفی" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەو شارەوە بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.