سێ چالاکی فەرهەنگی لە شاری شائاباد دەسبەسەر کران

11:15 - 25 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی کەسیی سێ چالاکی فەرهەنگیی کورد بە ناوەکانی "سۆهراب مورادی، داریووش مورادی و ئەحمەد بەساتی" و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، ئەوانیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

"سۆهراب و داریووش مورادی" لە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی "هەسارە"ن و "ئەحمەد بەساتی" لە شاعیرانی خەڵکی شاری شائابادە و هەتا ئێستا چەندین بەرهەمە شێعریی ئەو شاعیرە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی شائاباد، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو سێ چالاکە فەرهەنگییە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو سێ چالاکە فەرهەنگییە بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لەمەڕ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و مەحکوومکردنی هێرشی ئەرتشی توکیە دەسبەسەر کراون".

مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، پاش هێرشی ئەرتشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا، هاووڵاتییانی کورد لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.