سێ چالاکی بەلوچ بە زیندانیی درێژخایەن مەحکووم کران

14:27 - 14 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سێ چالاکی سیاسی بەلوچ، ٤٨ ساڵ حەبسی بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی حەوتووی ڕابردوو، بەشی جێبەجێکاری گرتووخانەی زاهێدان، حوکمی ١٦ ساڵ حەبسی بەسەر سێ چالاکی بەلووچدا سەپاند.

ئەو سزایە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکانی نیزام\" دەرچووە.

کەمپەینی چالاکانی بەلوچ بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ناسنامەی سێ هاووڵاتییە بەلوچەکەی؛ عەبدولحەمید کەهرئەزهی، عەتائۆڵڵا هووت و عەبدولسەمەد هووت ڕاگەیاندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز، سزای سێدارە بۆ ٢ زیندانیی سیاسیی بەلوچ دەرکرا کە ماوەی ٢ ساڵە لە بەندی ٣ی گرتووخانەی زاهێداندا چارەنووسیان بە ناڕوونی مابوویەوە.

هەربەپێی ئاماری چالاکانی بەلووچ؛ لەساڵی ٩٤دا، لانیکەم ٥٩ حاڵەتی بانگهێشت و دەستبەسەرکران لە بەلوچستانی ئێران تۆمار کراوە و سزای ئیعدامی ٥٢ زیندانیش کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

مانگی ڕابردوو و پاش مەحکوومیەتی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤی ئێران لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٩ ڕێکخستنی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش ڕایانگەیاند کە دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ناوچە جیاجیاکاندا گەلێک خراپتر بووە.

بەلانیکەمەوە، ١٠٠٠ زیندانیی سیاسی پێکهاتوو لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، چالاکانی کەمینە نەتەوەییەکان، ڕۆژنامەوانان، وێبلاگنووسان و هونەرمەندان لە ئێراندا بوونیان هەیە.