سێ پەناخوازی مەریوانی لە یۆنان، مانیان لە خواردن گرتووە

10:35 - 10 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ پەناخوازی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بەهۆی خراپیی بارودۆخیان لە وڵاتی یۆناندا، مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی سێ ڕۆژە، سێ پەناخوازی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوەکانی "سەلاح نیکخا، سەعدی کاکەخانی و عەلی دەستوور"، بەهۆی خراپیی بارودۆخیان لە وڵاتی یۆنان، دەستیان داوەتە مانگرتن.

ئەو سێ هاووڵاتییە مەریوانییە، ماوەی دوو مانگ، لە کاتی پەڕینەوە لە ئاوەکانی یۆناندا، لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو سێ پەناخوازە كوردە، پاش دەستبەسەركرانیان هەتا ئێستا دادگایی نەكراون و بەبێ لێپرسینەوە لە بەندیخانەی شاری "کورینتوس" لە یۆنان ڕاگیراون و بەو هۆیەوە، ماوەی سێ ڕۆژە، مانگرتنی وشکیان ڕاگەیاندووە.