سێ وەرزشوانی کوردچوونە ریزی هەڵبژاردە وەرزشییەکانی ئێرانەوە

15:05 - 22 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی سەرکەوتنەکانی وەرزشوانانی کوردستان، سێ لاوی دیکەی خەڵکی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و قوروە کە یەکێکیان کچە وەرزشوانێکی کوردە چوونە ریزی هەڵبژاردەی ئێرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بۆ یەکەمین جار وەرزشکارێکی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوی زارا رەزایی بانگهێشتی ئوردووی هەڵبژاردەی کاراتەی ئێران کراوە.

ئەو کچە وەرزشوانە پاش ئەوەی لە رەکابەرییەکەنی کێشی خوار ٦٨ کیلۆ کەلە شیراز بەڕێوە چوو بەشداریی کرد، توانی بچێتە ریزی هەڵبژاردەی کاراتەی ئێرانەوە.

زارا رەزایی کە خوێندکاریی رشتەی پزیشکی لە زانکۆی تەوریزە تەنیا وەرزشوانی کچی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوایە توانیویەتی بچێتە ریزی هەڵبژاردەی کاراتەی ئێرانەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا مانگی رابردووش خانمی نیگار حوسێنی رەزمی کاری کوردی خەڵکی شاری سنە وەکوو راهێنەریی هەڵبژارەدەی کاراتەی ئێران دیاری کرا.

لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی بەلەمەوانی ئێران ئەندامەتی بە وەرزشکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەو هەڵبژاردەیەدا بەخشیوە.

کامیار بەهمەنی بەلەمەوانی کورد لەهەڵسەنگاندن و تاقیکرنەوەیەکدا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە بەنداوی مەهاباد بەرێوە چوو توانی باشترین پلە بەدەست بێنێت.

لەشاری قوروەش کە لەئوستانی کوردستان هەڵکەوتووە میلاد رەزایی وەزنەبەرداری کورد توانیویەتی میداڵی زێڕ بەدەست بێنێت.

ناوبراو پاش ئەوەی پلەی سێیەمی گەورەساڵان و میداڵی زێڕی ئۆلەمپیادی بەدەست هێناوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی وەزنەبەرداری ئێران کراوە.

میلاد رەزایی لەساڵی ٨٨ رووی کردۆتە رشتەی وەزنەبەرداری و دوای یەک ساڵ راهێنانی خۆی پلەی یەکەمی ئوستانی بەدەست هێنابوو.

ئەم سەرکەوتنانە لەحاڵێکدان کە یەک حەفتە لەمەوبەریش محەممەدرەزا گوڵی خەلکی شاری دەڕەشار چووە ریزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی و مێرمنداڵکیش بە ناوی ئارمان سەیدی لەرەکابەرییەکانی نێودەوڵەتی مەلەوانی میداڵی زێڕ و زیوی بەدەست هێنابوو.