سێ هاووڵاتیی یارسان لێوی خۆیان دورییەوە

22:02 - 27 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ و لە کاتی هاتنی سەرکۆماری ئێران بۆ کرماشان، سێ هاووڵاتیی مەدەنی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لێوی خۆیان دۆرییەوە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن، سێ هاووڵاتیی یارسان بە ناوەکانی \"سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی و نۆدشادتاهیری\" وەکوو ناڕەزایی دەربڕین لە هەمبەر جیاوازی و پشتگوێ خستنی داواکارییەکانی کۆمەڵگای یارسان، لە کاتی هاتنی حەسەن ڕۆحانی بۆ شاری کرماشان و ڕۆیشتنەوەی‌دا، لێوی خۆیان دورییەوە.

چالاکوانانی یارسان پێشتر داوایان لە پارێزگاری کرماشان کردبوو لە کاتی سەردانی سەرکۆماری ئێران بۆ کرماشان، لەگەڵی کۆببنەوە و کێشە و گرفتەکانی خۆیانی لەگەڵدا باس بکەن، بەڵام لە سەردانەکەی ڕۆژی یەکشەممەی سەرکۆماری ئێران بۆ کرماشان، ڕێگە نەدرا ئەو چالاکڤانانە چاویان پێی بکەوێت.

پێشتریش کۆڕی ڕاویژکارانی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەو پەیوەندییەدا بە نیشانە ناڕەزایەتی، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە،
١_ هەڵاواردنی هەمەلایەنەی مەزهەبی و قەومی دژی خەڵکی یارسان لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا و بەشداری نەکەردنیان لە بەرێوەبردنی کاروباری خویان.

٢_پچڕاندنی پەیوەندیی یەک لایەنەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و جێ بە جێ نەکردنی بەڵێنەکانی لاریجانی بە نوێنەرانی کۆڕی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنی لەپەیوەندیی لەگەڵ چارەسەر کردنی کێشە وگرفتی ئەوان.

٣_سەرنج نەدان و دواکەوتوویی و پەرەنەسەندوویی ناوچە کوردنشینەکان و پراوێزخستنی.

٤_بوونی باندی مافیایی بەهێزی ناخۆجێیی لە پارێزگای کرماشان.

٥_ناڕوون بوونی هۆکاری جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی سەرکۆمار لە کاتی هەڵبژاردنیدا و لە پەیوەندیی لەگەڵ مافی ئیتنیکی و مەزهەبی ...هەتا دوایی.

سێ هاووڵاتیی یارسان، داوایان لە خەڵک کردووە لە هەر ڕێگایەک کە بۆیان دەلوێ لەو ڕاستاییەدا یارمەتیدەریان بن.