سێ هاووڵاتیی کورد چارەنووسیان ناڕوونە

12:19 - 21 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە لە شاری دەماوەندی تاراندا دەسبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەیفوڵڵا جەلیلی" کوڕی "ئیبراهیم"، "بەشیر حاتەمی" کوڕی "سدیق" و "غەفوور یاری" کوڕی "غەفار"، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگـ"ـی شاری سنە، کە ماوەی ٢٠ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە و تەنانەت لە شوێنی ڕاگیرانیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ‌"هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، خۆیان دەبوێرن.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "کەڵکوەرگرتن لە جامانە لە یەکێک لە زەماوەندەکان لە شاری دەماوەند و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.