سێ هاووڵاتیی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی شنۆ کران

13:09 - 12 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "بەهمەن مەحموودی‌ئازەر"، خەڵکی شنۆ، "فەرهەنگ کەرامەت (ئالانی)" و "یەعقووب مەحموودی‌ئازەر" خەڵکی گوندی "سینگان"ی ئەو شارە، پاش تەوابوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کرابوون.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕ، "بەهمەن مەحموودی‌ئازەر" و "یەعقووب مەحموودی‌ئازەر"، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، کران.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، فەرهەنگ کەرامەت (ئالانی) تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی حەسەن بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان بەتۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.