سێ هاووڵاتیی کورد لە کوردستان هەوڵی خۆکوژییان دا

13:01 - 10 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە شوناسی "م.خ" تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی "ع.خ" و خەڵکی بۆکان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لەژێر پردی "کۆسە"ی بۆکان، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە خۆی کوشتووە.

بەپێی زانیارییەکان ناوبراو شوێنی کارەکەی لە مەریوان بووە.

لە هەمان کاتدا، ژنێک بە ناوی "گوڵی هیدایەتی‌ نیا"، خەڵکی بۆکان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی کرماشان هەوڵی خۆکوژیی دا.

ئەو هاووڵاتییە کە شوناسی ناڕوونە لە مەیدانی "ئیمام حوسێنـ"ـی کرماشان و لە شوێنی ژێرگوزەری ئەو مەیدانە خۆی فڕی داوەتە خوارەوە.

بەپێی زانیارییەکان ناوبراو کە پاش ئەو ڕووداوە زیندوو ماوەتەوە، بۆ نەخۆشخانەیەکی کرماشان ڕاگوێزرا و ئێستاکە لەژێر چاوەدێریی تایبەتی پزیشکیدایە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو سێ هاووڵاتییە ڕوون نەبووەتەوە.