سێ هاووڵاتیی کورد لە ورمێ و نەغەدە خۆکوژییان کرد

17:07 - 18 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ و نەغەدە، لە ڕێگای خۆکوژییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هینا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٧ی خاکەلێوە، کچێکی لاو بە ناوی \"نازیلا ئەتمانی\"، کچی فەتاح و خەڵکی ورمێ، ماوەیەک پێش ئێستا هەوڵی خۆکوژی دا و دوای چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانه گیانی لەدەست دا، لە هۆکاری خۆکوژیی ئەم کچە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ژنێکی کورد بە ناوی، \"نووشین مەعنەوی\" خەڵکی گوندی \"گەنگەچین\" سەر بە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ورمێ، کە بە هۆی \"کێشەی بنەماڵەیی\" ڕۆژی ٢٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا کە دوای دوو حەوتوو مانەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران بە هۆی قورسیی برینەکانی بەهۆی خۆسووتانەوە گیانی لەدەست دا.

هەروەها رۆژی هەینی ١٦ی خاکەلێوە، هاوولاتییەکی کورد بە ناوی \"حەیدەر حەیدەری\" کوڕی حسێن، خەڵکی ئێناخی زەردوویی\" سەر بە شاری پاوە و دانیشتووی شاری نەغەدە بەهۆی \"کێشەی بنەماڵەیی\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.