سێ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەسبەسەر کران

17:20 - 4 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١ی جۆزەردان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"داوود ئەحمەدی، سەلاح ساعدی و حەیدەر ساعدی\"، خەڵکی گوندی \"گاوەرە\" سەر بە دێهستانی \"سەراو قامیشـ\"ی سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە بێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی بووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەوانیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: \"لە چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە دوای دەسبەسەرکردنیان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.\"

هەروەها لە درێژەدا وتی: \"حەیدەر ساعدی، دەرچووی بواری مافی زانکۆی پەیامنووری سنەیە.\"

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی پینجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سێ چالاکە مەدەنییە کە ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژینـ\"ن، بێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەسبەسەر کراون.