سێ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی جوانڕۆ، شنۆ و کامیاران دەسبەسەر کران

15:20 - 6 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، شنۆ و کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"فەردین محەممەدزادە\" خەڵکی گوندی \"دەلەیلیـ\"ـی شاری جوانڕۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش پشکنینی ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دەروازەی سەرەتای شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی \"عیسا ڕەشۆزادە\"، خەڵکی ناوچەی دەشتە‌بێڵی ئەو شارەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش لە دەسبەسەرکرانی، لەبەر دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرش کردنە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"منەت ڕەحمانی\"، خەڵکی گوندی \"لۆن ساداتـ\"ـی شاری کامیاران و پاش دەسبەسەرکردنیان، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بە پشکنینی ماڵکەی ناوبراو کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، وەکوو مامۆستای زمانی کوردی خەریکی فێرکردنی زمانی کوردی لە گوندەکانی کامیاراندا بووە.

لەم پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوی \"ڕەحیم ئەرشەدی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"هێمن بایزیدی\"، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.