سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کران

16:10 - 29 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە شاری دەماوەند سەر بە پارێزگای تاران، دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی\"سەیفوڵڵا جەلیلی\" کوڕی \"ئیبراهیم\"، \"بەشیر حاتەمی\" کوڕی \"سدیق\" و \"غەفوور یاری\" کوڕی \"غەفار\"، خەڵکی گوندی \"ئەوێهەنگـ\"ـی شاری سنە، لە شاری دەماوەند، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کراون.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"کەڵکوەرگرتن لە جامانە لە یەکێک لە زەماوەندەکان لە شاری دەماوەند لە کاتی هەڵپەڕکێ و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.