سێ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران

20:35 - 16 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی سێ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ناوەندی ورمی جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی\" هیدایەت شێرزاد\"، \"حەشەن باشووکی\" و ئەسغەر ڕەنجبەر\" بە تاوانی ماددەی پەیوندیداری سڕکەر لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران.

دەوترێ، دەزگای قەزایی تۆمەتی هەڵگرتن و بازرگانیی ٢٠ هەتا ٢٥ کیلۆ گەرەم ماددەی سڕکەری\"مورفین\"ی بە سەر ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە دا سەپاندووە و هەر لەو پەیوەندییەدا، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە ئەو سێ هاووڵاتییە ئێعدام کراوە خەڵکی شاری ورمێ و نەغەدەن.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە خەڵکی شاری تاران بە ناوی\"عەلیڕەزا زارعی\" بە تۆمەتی هەڵگرتنی ٦٠ کیلۆ مورفین لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش هەموو ئێعدام کراوەکان کەسانێک بوون کە بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەر ئێعدام کراون و بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندەی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە مانگی ژانوویە هەتا کۆتایی مانگی ئۆکتوبر ٦٢هاووڵاتیی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کراون.