سێ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کران

09:54 - 5 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەمە، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرزاد پزیشکی، ئەبووبەکر پزیشکی و ئەرسەلان پزیشکی" خەڵکی شاری بانە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەیان بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگویزرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، ئەو سێ هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی بە لێدان و بێڕێزی پێکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوون.

وێنە: فەرزاد، ئەرسەلان و ئەبووبەکر پزیشکی