سێ هاووڵاتیی کورد لە دوو شاری جیاجیای کوردستان بانگهێشتی ئیتلاعات کران

15:20 - 29 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی کورد، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دوو شاری کوردستان، بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی ئیسلام‌ئابادی غەرب لە ئوستانی کرماشان بەناوی داریووش مورادی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە کرماشان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند: رۆژی سێ‌شەممەی ئەم حەفتەیە داریووش مورادی بە هۆکارێکی ناڕوون بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیسلام‌ئابادی غەرب کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، پێدەچێت داریووش مورادی سەبارەت بە بەرێوەبردنی رێوڕەسمی بیست و شەشەمین ساڵڤەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەردەشت، نۆدشە و زەردە و شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بانگهێشت کرابێت.

ئەو رێوڕەسمە رۆژی ٢٥‌ی رەشەمە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئیسلام‌ئاباد و هونەرمەندان و نووسەرانی کوردی خەڵکی شارەکانی سنە، دیواندەرە، سەقز، قەسری شیرین، کەرندی غەرب، کرماشان، هەرسین، سەحنە و ... لە تەلاری غەدیر بەڕێوە چوو.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە لە مانگەکانی رابردووشدا، رێوڕەسمێکی بۆ یاد و بیرئانینی سەید قولی کەشاوەرز و تاهیر یاروەیسی بەڕێوەبرد و یەکێک لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی گەڵاڵەی دانانی پەیکەری مەولەویی کورد لە شاری ئیسلام‌ئابادی غەرب بوو.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا؛ دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری سەڵماس بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێکراوە و بەرەوڕووی لێدانی مەئموورانی ئەو ئیدارەیە بوونەتەوە.

ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، سەید ولایەت حوسێنی خەلکی گوندی \"ئاشناک\" و کاوس عەبدوڵڵازادە کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی بڕوێش‌خۆران راگەیاندراوە.

هەروەها دەگوترێت، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، وەهاب حوسێنی تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی ویلایەتی، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بریندار کرابوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە تۆمەتی \"هاوکاری و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\"یان دراوەتە پاڵ.