سێ هاووڵاتیی کورد بە زیندان مەحکووم کران

16:15 - 23 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ورمێ لە لایەن دادگایی ئینقلابی ئەو شارەوە بە سێ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری و هەشت ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کران.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ورمێ بە ناوی \"حەمید ڕەحیمی\" لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شێخلوو\" بە ١٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ورمێ بە ناوەکانی \"ڕەزا ڕەسووڵپوور و حوجەت ڕەزم‌جەوهەر\" لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە هەمبەر بڕینەوەی ئەو حوکمە ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەم حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی کەم کرایەوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر و گەلاوێژی ئەمساڵ پاش پشتڕاست کردنەوەی حوکمەکەیان بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەیان، بۆ زیندانی ورمێ گواسترانەوە.

\"تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان\" بە پشتراست کردنەوەی حوکمی زیندانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە نووسیوویەتی: \"ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە بەندی لاوان لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدان\".