سێ هاووڵاتیی کورد بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران

17:22 - 8 رەشەمه 2721

ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ڕەشەمە، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شەفیع محەممەدنژاد" تەمەن ٤٥ ساڵ و کوڕی محەممەد، "خزر قادری ئازەر" تەمەن ٥١ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا و "ئیسماعیل محەممەدپوور" تەمەن ٤٨ ساڵ و کوڕی محەممەد خەڵکی شاری پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.

شەفیع محەممەدنژاد و خزر قادری ئازەر، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە گرتنگە ئازاد کرابوون.

ئیسماعیل محەممەدپوور ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.