سێ هاووڵاتیی ڕوانسەری، لە کاتی کۆنترۆڵی ئاگردا بریندار بوون

15:11 - 16 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە، جاڕ و باخەکانی شاری ڕوانسەر، بوو بە هۆی سووتاویی سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندەکانی ئەو شارە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە، ١٥ی پووشپەڕ، زیاتر لە ١٠٠ هێکتار لە لەوەڕگە، زەوییە کشتوکاڵییەکان و باخەکانی گوندەکانی \"تەپەلۆڕی، باوەحەیران، کانی پەموو و تەپەکووئیک\"، ئاگریان تێبەردرا و بوون بە خۆڵەمێش.

لەو ئاگرکەتنەوەیەدا، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \" تەپەلۆڕی\"، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، تووشی سووتاوی بوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، کە تووشی سووتاویی ٥٠%، ٤١% و ٣٧% بوون، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان کراون.

ڕۆژی هەینی، ١٤ی پووشپەڕ، لەوەڕگە و پووش و پاوەنی سروشتی گوندی \"گەزنە\"ی سەر بە چەمشاری سنە، ئاگری تێبەردرا و بەو بۆنەوە ڕوبەرێکی فراوان لە پووش و پاوان و لەوەڕگەکانی \"سیدۆڵە و سەرکەنە\" سووتاون.

سەرەڕای ئاگرتێبەردانی لەوەڕگە و پاوەنی ئەو گوندە، زەرەر و زیانێکی زۆر بە سروشتی ناوچەکە کەوتووە و ئاژەڵ و گیانلەبەرانێکی زۆر سووتاون.

لەم پەیوەندییەدا، چیاکانی \"کانی سوارانـ\"ـی ناوچەی \"سوور سوور\"ی کامیاران ئاگریان تێبەردرا و خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە یارمەتییانیان نەداوە و کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە لایەن هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیەوە، هەتا کاتژمێر ٤ی بەیانیی ڕۆژی شەممەی خایاندووە.

نەبوونی کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا، خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە.

ئاگرکەوتنەوە، سەرەڕای خەساری ئابووری، دەبێتە هۆی سووتاندنی مەوادی بەپیتی ئەو خاکە و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمیی بەرهەمی خاکەکە.