سێ هاووڵاتیی عەرەبی ئەحوازی دەستبەسەر کران

14:40 - 14 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: سێ هاوڵاتیی عەرەب خەڵکی شاری ئەحواز لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتیی عەرەبی دانیشتووی شاری ئەحواز لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان وهێزی سپاوە دەستبەسەر کران.

شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە عەرەبە بە ناوەکانی\"ناجی دەحیمی\"،\"عەدنان عەیبات\" و \"لفتە غەوابش\"(جەلال) دانیشتووی شاری ئەحواز ڕاگەیەنراوە.

ناجی دەحیمی تەمەن ٣٤ ساڵ خێزندارو خاوەنی دوو منداڵە کە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ١٠ ڕەشەممە، لەلایەن هێزەکانی قەرارگای ئەمنیەتیی سپای ئەبولفەزلی عەباس دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هێزە ئەمنیەتییەکان کاتژمێر ٩ی شەو هەڵیاکوتایە ماڵی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە و پاش پشکنین و تێکدانی ماڵی ناجی هێندیک کەرستەی شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، عەدنان عەبیات تەمەن ٢٤ سال و خەڵکی کوی عەلەوی و لفتە غوابش تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی گوڵدەشتیان لە دەورووبەری شاری ئەحواز دەستبەسەرکرد.

هەتا ئێستا چارەنووسیان ئەو سێ هاووڵاتییە و هۆکاری دەستبەسەر کردنیان نادیارە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شارەکانی شووش، شادگان و ئەحواز بە هۆی نووسینی دروشم و بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی شاری ئەحواز بەنیسبەت کەمتەرخەمی بەرپرسانی حکوومەتی لە مەڕ خۆڵبارین لەو شارە و چالاکی لە دونیای مەجازی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی عەرەب دستبەسەر کراون کە چارەنووسیان ناڕوونە.