سێ هاووڵاتیی عەرەب لە ئەهواز لەسێدارە دران

21:10 - 27 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی عەرەبی شاری ئەهواز، بە تاوانی تەقەکردن لە پاسگایەکی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو شارە، لەسێدارە دران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پەیوەندییە گشتییەکانی دادگوستەریی پارێزگای ئەهواز، باسی لە ئێعدام کردنی سێ لاوی عەرەب کرد، کە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکم درابوون.

\"30662.jpg\"
سەجاد بڵاوی
شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە عەرەبە بە ناوەکانی \"قەیس و ئەحمەد عوبیداوی\" تەمەن ٢٥ و٢٠ ساڵ (برا)، و سەجاد بڵاوی (عوبیداوی) کە ئامۆزای ئەو دووانەی دیکەیە، ڕاگەیەنراوە.

حوکمی ئێعدام کردنی ئەو سێ لاوە عەرەبە، کە تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ کەمترە، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ، چوارشەممە ٢٧ی گەلاوێژ جێبەجێ کراوە.

ئەو هاووڵاتییانە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌دا، بە زۆرەملی لە سەر کاناڵی تەلەفزیۆنی \"پرس تی وی\" سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، دانیان بە تاوانەکەی خۆیاندا ناوە.

\"30663.jpg\"
قەیس و ئەحمەد عوبیداوی
ئەو سێ هاووڵاتییە عەرەبە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ئەهوازەوە، بە تاوانی دۆسیەی ناسراو بە \"دۆسیەی حەمیدە\"، حوکمی ئێعدام بە سەریاندا سەپابوو، هەروەها هەر لەو پێوەندییەدا، بۆ چوار کەسەی دیکەش حوکمی درێژماوە بڕاوەتەوە.

دادگای قەزایی، لە ئەنجامی تەقە کردن لە خێوەتی سەربازیی هێزە ئینتزامییەکان لە پاسگای گوندی \"گمبوعەی\" شاری حەمیدە، لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی‌دا، کە بوو بە هۆی کوژرانی سێ سەرباز، ئەو سزای بۆ ئەو هاووڵاتیانە بڕیوەتەوە.

پێش لە بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام کردنی ئەو سێ لاوە عەرەبە، بەرپرسی دادگوستەری و دادستانی شاری حەمیدە ڕایانگەیاندبوو؛ ئێعدام کردنی تاوانباران لە پێش چاوی خەڵکدا دەبێ، کە ئەم ڕەوتە نایاسایی و بە پێچەوانەی بڕیار و ڕاگەیاندنی حوکمی دادگا بووە.