سێ هاووڵاتیی سنەیی، بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەیان بانگهێشت کران

16:06 - 8 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان، دەبێ خۆیان بە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بناسێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ئەمیر ڕەزایی\"، کوڕی جەمیل، \"سیروان ئەرغەوانی\"، کوڕی خواکەرەم و \"فەرزاد سادقی\" کوڕی حەبیب، خەڵکی گوندی تەنگیسەر، دەبێ بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەیان، خۆیان بە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، بناسێنن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، لە چەند ڕۆژی داهاتووەدا، دەبێ سەردانی بەشی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی شاری سنە بکەن و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕادەگوێزرێن\".

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، ٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کران و پاش دوو مانگ دەسبەسەری و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەیان، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، دواتر هەر کامەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ساڵێک زیندانیی تەعزیزی مەحکووم و پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بەو حوکمە، حوکمی هەر کامەیانیان بە ٥ مانگ زیندانیی تەعزیزی کم کردەوە.