سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزران

12:07 - 14 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە کە لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کرابوون، بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگویزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرامەرز قاسمی ئازەر" کوڕی "فەتاح"، "شاپوور حەبیبی" کوڕی "عیسا" و "فەرزین ڕۆستەمی" کوڕی "عەلی"، خەڵکی گوندی "ئەویهەنگـ"ـی سنە، بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئەمنییەتیی تاران لە زیندانی ئێڤین ڕاگوێزران.

ئەم سی هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان" بێبەری بوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بەفرانبار، لە دەماوەند سەر بە پارێزگای تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.