سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکان بە بارمتەی قورس ئازاد کران

10:45 - 20 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز و سنە، بە بارمتەی ١ میلیارد و ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "نافێع مینایی و ئیبراهیم حوسێن ‌نژاد" کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بوون، هەر کامیان بە بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی سەقز، لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی "مستەفا خەیری" و "یاسین خەیری"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی ١٤٠ ملیۆن تمەن جەریمە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "ساعد بەنەفشی"، خەڵکی سنە، بە بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.