سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو بە لێوەرگرتنی بەڵێننامە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کران
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "پەریسا سپاهی" تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی مەهاباد، "کەویار ئەلیاسی" تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی مەهاباد و "عیرفان زولفینیا" تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، بە لێوەرگرتنی بەڵێننامە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو سێ هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران تۆمەتبارکردووە".
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خاکەلێوە هیزە ئەمنییەتیی بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردەیان لە نزیک گوندی "کارخانەی قەند"ی پیرانشار دەسبەسەر و دواتر ئەوانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەمنییەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و دواتر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگواستبوو.
وێنە: عیرفان زولفینیا، پەریسا سپاهی و کەویار ئەلیاسی