سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد دەستبەسەر کران

23:36 - 22 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: شەپۆلێک لە بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی بە کۆمەڵ، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییە حکوومەتیەکانەوە لە چەندین شاری کوردستان دەستی پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بوکان هەوڵی دەستبەسەر کردنی لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵە بە ناوی ڕەزا قورەیشییان داوە.

ناوبراو لە کاتی گەڕانەوەی لە سەر کارەکەی لە شەقامی ساحلیی شاری بۆکان، لە لایەن چەند کەسێک لە لیباس شەخسیەکانەوە دەستبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی دەستبەسەر کردنی ئەو لاوە کوردە، ڕایگەیاند: ڕەزا قوڕەیشی پێشتریش دووجار بە بیانووی لایەنگەری و چالاکی لە بەرژەوەندیی حیزبەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و ماوەیەک لە زینداندا بووە.

فەتاح و ماکوان ئەفسری ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوی شاری پاوەیە، کە ڕۆژی ڕابردوو بە دانی بارمتە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری پاوە، ئەو دوو هاووڵاتییە تەمەن ٤٣ و ٣٤ ساڵە، پاش بانگهێشت کردنی زارەکی، بۆ ماوەی یەک حەوتوو لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

سەبارەت بە بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند؛ ئیتلاعات \"بەبێ بەڵگەی یاسایی\" و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا \"هەڵسوکەوتی توندوتیژانە\" بۆ دەستبەسەر کراوەکان بەکار هێنراوە و لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان خۆیان بواردووە.

لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا دەیان هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی، شنۆ، سنە، مەریوان، مەهاباد، نۆدشە، بۆکان، سەوڵاوا، سەردەشت ... دەستبەسەر و بۆ ژوورە تاکەکەسیەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارانە ڕاگوێزراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە. شوناسی ٢٤ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراو بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە کە بریتین لە،
مستەفا سەڵدوزی، سیروان مستەفایی. ئەمیر عەبدوڵڵازادە، ڕەحیم و خۆشناو ئیسماعیلی، عەلی سوورخی، فەتاح و ماکوان ئەفسەری، یەعقوب و سدیق بالکرام(ئاموزا). ئاوات شەریفی، ناسیح، ڕەسوول و ئەبوبەکر عەلیخانی، عەمەر عەبدوڵڵاپوور، لوقمان عەزیزی، ڕەزا قوڕەیشی، سەلیم یاوەر، فەتاح پوورئەحمەد، لوقمان ئەمینی، جەلال مەحموودی، سەروەر مورادی، خەبات مەولوودی و ئەڵماس ڕەزایی.