سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نییەر" بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کران

11:36 - 12 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، شێرکۆ منبەری، زانیار منبەری و سیامەک ئارنگ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە شاری سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تەمەنی هەتا کاتیی دادگاییەکەیان لە زیندانی سنە، ئازاد کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠، شێرکۆ منبەری پاس بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەسبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠، شێرکۆ بەبێ بەڵگەی یاسایی  لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی لە زیندانی سنە، ئازاد کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، زانیار منبەری بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و سیامەک ئاڕەنگ ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاس تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شار ڕاگوێزرابوون ولە ماوەیەکدا، لە دەستپێراگەیشتن بە پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کرابوون.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی دژی ئەو سێ هاووڵاتییە زانیارییەک بە دەست، نەهاتووە.