سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و بۆکان دەسبەسەر کران

20:12 - 3 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شارەکانی مەهاباد و بۆکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەری ماڵی دوو هاووڵاتیی کورد لە \"گوگتەپە\"ی شاری مەهاباد و دەسبەسەریان کردوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد شوناسی ئەو دوو لاوە مەهابادیەی بە ناوەکانی \"حەسەن ئەرتەنگ و ئارام خورسەندی\" ڕاگەیاندووە.

\"\"حەسەن ئەرتەنگ و ئارام خورسەندی
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو لاوە کوردە، پاش دەسبەسەر کرانیان بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزراون و لە تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو دوو لاوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ڕەزبەر ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئەسعەد حاجی‌ڕەسووڵی\" خەڵکی گوندی \"ئالیکەند\" لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەر کردن، بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ڕاگوێزراوە و لە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢ی ڕەزبەر، شەش هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"میلاد ڕەسووڵی، موحسێن قادرپەنایی، ئەرکان ڕەزایی، ڕزگار محەممەدی، تەیب ئەحمەدی و عەتا ڕەشیدزادە\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.