سێ هاووڵاتیی بەلووچ و سێ پاکستانی لە شاری سەرباز دەستبەسەر کران

22:38 - 6 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئێران هێرشیان کردە سەر گوندی نەزەرئاوای شاری سەرباز لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و شەش هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردان، مەئموورانی لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئێران، ڕژانە ناو دوکانێکی ئارایشگا لە گوندی نەزەرئاوای شاری سەرباز و ٦هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد.

دەستبەسەر کراوەکان سێ کەسیان هاووڵاتیی بەلووچن و سی کەسەکەی دیکە لە کرێکارانی وڵاتی پاکستانن کە لەو گوندە خەریکی کرێکاری بوون.

دەگوترێ، کرێکارانی پاکستانی لە ترسی هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی دەرگای دوکانەکەیان لە دیوی ژوورەوە داخستووە، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان دەرگای دوکانەکەیان شکاندووە و ئەو سی هاووڵاتییە پاکستانیەیان دەستبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان ماشێنی یەکێک لە دەستبەسەر کراوەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەر لەوە پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش هاووڵاتییەکی دیکەی بەلووچی بە تاوانی بڵاوکردنەوەیی وێنەی گرووپە دژبەرەکان، دەستبەسەر کرا بوو.

گوندی نەزەر ئاوا لە ٣٠ کیلۆمێتری شاری ڕاسک و لە ٥٠ کیلۆمێتری سنووری ئەیالاتی بەلووچستانی پاکستان هەڵکەوتووە.