سێ هاووڵاتی لە شاری کرماشان دەسبەسەر کران

11:12 - 18 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ، کە بەشدارییان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری کرماشاندا کردبوو دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شۆڕش، هێرش و کوورش محەممەدی" خەڵکی شاری جوانڕۆ و دانیشتووی گەڕەکی "دەوڵەت‌ئاوا"ی شاری کرماشان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئەو شارە دەسبەسەر کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە کە برای یەکترن، پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لە بەردەستدا، نییە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی منداڵەکانیان، بێئاکام ماوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٦ی سەرماوەز، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "ئەکبەر گەوێڵی" خەڵکی شاری سنە، پاش ئامادەبوونی لە دادگوستەری ئەو شارەدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی، بانگهێشتی دادگوستەریی شاری سنە کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی "ئەکبەر گەوێڵی" لە بەردەستدا، نییە.

ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی گەلاوێژ، لە کاتی گەڕانەوە لە تاران بۆ شاری سنە لە گەڕەکی "فەیزئاوا" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.