سێ هاووڵاتی لە شاری کامیاران دەسبەسەر کران

14:02 - 3 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتی خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی چەند هاووڵاتییەک لە شاری کامیاران، سێ کەسیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی دوو کەس لەو سێ کەسەی بە ناوەکانی \"خالید زەمانی و مێهدی قوبادی\" خەڵکی شاری کامیاران، ڕاگەیاندووە.

شوناسی یەکێک لە هاووڵاتییانی دەسبەسەر کراوە، بۆ ئاژانسی کوردپا هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی شەوانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە و پاش دەسبەسەر کردنیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕایگواستوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا. نییە.