سێ هاووڵاتی لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

11:29 - 17 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئاکام خزرزادە" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی "کانی بوداغـ"ـی پیرانشار، "عوسمان دڵسۆز" تەمەن ٦٤ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ و "هەژار دڵسۆز" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی عەلی خەڵکی گوندی "زێوکە"ی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان هاوکات چوونەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە و ئەوانیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت؛ هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە هێندێک کەرەستەی کەسیی ئەوانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت؛ ئەو سێ هاووڵاتییە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە شاری ورمێ، کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گیران و تۆمەتی دژی ئەو سێ هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

وێنە: لە ڕاستەوە بۆ چەپ، هەژار دڵسۆز، عوسمان دڵسۆز و ئاکام خزرزادە