سێ هاووڵاتی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان لەسێدارە دران
16:30 - 30 رێبەندان 2719
ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، حوکمی ئێعدامی سێ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان بەڕێوە چوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران شوناسی دوو کەس لەو زیندانییانەی بە ناوەکانی "شەهاب نادری"، تەمەن ٢٢ ساڵ و "بورزو محەممەدی" تەمەن ٣٨ ساڵ ڕاگەیاندووە و هەروەها سەرەڕای تێپەڕینی دوو حەوتوو بەسەر ئێعدامکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە، میدیاکانی نێوخۆی ئێران و بەرپرسانی حکوومەتی لە هەمبەر لەسێدارەدانی ئەو سێ زیندانییە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو زیندانییە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە "قیساس" مەحکووم کرابوون.
شوناس و تاوانی سێیەمین زیندانی کە لەو ڕۆژەدا و لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئێعدام کرابوو، هەتا ئێستا ناڕوونە.