سێ هاووڵاتی بە هۆکاری ناڕوون دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران

10:11 - 6 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی دەماوەند، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرامەرز قاسمی ئازەر" کوڕی "فەتاح"، "شاپوور حەبیبی" کوڕی "عیسا" و "فەرزین ڕۆستەمی" کوڕی "عەلی"، خەڵکی گوندی "ئەویهەنگـ"ـی سەر بە سنە، لە دەماوەند لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

دەسبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی ڕوویداوە و پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.