سێ هاووڵاتی بۆکانی و مەهابادی دەستبەسەر کراون

16:54 - 11 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات لە بۆکان و تاران سێ هاووڵاتی کورد کە یەکێکیان مامۆستای زانستگایە دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی خاکەلێوە دوو لاوی دانیشتووی بۆکان لەلایەن هێزی ئەمنییەتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

ناسنامەی ئەو دوو لاوە تەمەن ٢٦ ساڵەیە؛ سەعید ڕەشیدزادە و ئامانج قوربانی ڕاگەیەندراوە.

ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییەش لەدوای دەستبەسەرکردنیان، پشکێندراوە.
سەرچاوەکانی هەواڵ هۆکاری گیرانی ئەوانیان لەپێوەندی بە جێژنی کوردەواری نەورۆز زانیوە.

هەروەها کاناڵی تلێگرامی \"ڕووداوی ڕۆژهەڵات\" هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە بەپێی ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەمە مامۆستایەکی زانستگای ئازادی مەهاباد پاش بانگهێشتکرانی بۆ سیمینارێک لە تاران، دەستبەسەر کراوە.

شوناسی ئەو مامۆستایە، دوکتور \"ئەمیر سەلیمی‌ئەقدەم\"ـە و لە ئێستادا لە گرتووخانەی ئەوین ڕاگیراوە.

ناوبراو دەرچووی ڕەشتەی حقوقی ئیسلامی لە زانکۆی دیمیشقی سوریەیە و ماوەیەکیش لە باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعوودی وەرگێڕ بووە.

لە یەک مانگی ڕابردوودا و لەبەرەبەری نەورۆزی ٩٦، زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون کە چارەنووسی زۆربەیان هێشتا ناڕوونە.