سێ‌ مێرمنداڵی وەرزشوانی كورد بەهۆی كێشەی ناسنامەوە وەیلانن

16:18 - 14 بەفرانبار 2711
كورردپا: سێ‌ وەرزشوانی كوردی سەرپێڵی زەهاو لە دایك بووی رۆمادیە و بە رەچەڵەك ئێرانی لە یانەكانی وڵاتی ئێران وەرناگیرێن و بەم هۆیەوە تووشی كێشە بوون.

ئاژانسی كوردپا بە مەبەستی بەدوادا چوونی ئەم پرسە و وەرگرتنی زانیاری راستتر پێوەندی بە بنەماڵە \"برای\" یەكێك لەو سێ‌ وەرزشوانەی خەڵكی گوندی \"تەپەماران\"ی سەرپێڵی زەهاوەوە كرد.

برای یەكێك لەو سێ‌ یاریزانە وتی، ئەو سێ‌ وەرزشوانە خەڵكی گوندی \"تەپەماران\"ی سەر بە سەرپێڵی زەهاون كە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە قوتابخانەی فووتباڵ (یانەی شاهین) لە تاران یاریی تۆپی پێیان كردووە و ئێستا دوای تەواو بوونی خولەكانیان و بە دەستهێنانی سەركەوتن لە هیچ یانەیەكی ئێران وەرناگیرێن.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی، لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە پێیان راگەیەندراوە كە ئێوە لەناو ناسنامەكاناندا نووسراوە لە دایك بووی \"رۆمادییە\"ی عێراقن و لێرە وەرناگیرێن.

ئەندامی بنەماڵەی یەكێك لەو سێ‌ وەرزشوانە لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی كوردپا ئەوەشی خستە روو، ئەو سێ‌ مێرمنداڵە كە تەمەنیان لە نێوان 14 هەتا 17 ساڵ دایە، لەلایەن مەدرەسەی فووتباڵی تارانەوە بڕی دوو میلیۆن و500 هەزار تمەنیان بۆ بارهێنان لێ‌ وەرگرتوون و كەچی ئێستا لە هیچ شوێنێك وەرناگیرێن.

برای یەك لەو سێ‌ مێرمنداڵە كە نەیهەویست ناوی ئاشكرا بكرێت لەو باوەڕە دایە، ئەو سێ‌ یاریزانە كوردە لە ماوەی یاری كردن لەو مەدرەسەیەدا توانیویانە سەركەوتنی زۆر باش بە دەست بهێنن و هۆكاری وەرنەگرتنەكەیشیانی گەڕاندەوە بۆ، پرسی نەتەوایەتی و ئەو سیاسەتە هەڵاواردنانەی كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەنێو \"كورد و فارس\"دا بەڕێوەی دەبات.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییەی گوندی تەپەماڕانی سەرپێڵی زەهاو، ئەو سێ‌ مێرمنداڵەی سەرپێڵی زەهاو بۆ یاری كردن لە یەكێك لە یانەكانی كوردستانی عێراقیش سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بەڵام هیچ وڵامێكیان پێ‌ نەداونەتەوە.