سێ لاوی کورد پاش دەستبەسەر کردنیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران

14:54 - 1 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ لاوی کورد خەڵکی شاری تیکاب سەر بە پارێزگای ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری تیکاب سێ لاوی کوردیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری تیکاب شوناسی ئەو سێ لاوە دەستبەسەر کراوەی بە\"بێهزاد برادەران، حامید سەبزی و سامان سەبزی \"خەڵکی گوندی \"ئەحمەد ئاوا\"ی شاری تیکاب ڕاگەیاندووە.

ئەو سێ لاوە کوردە ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ دەستبەسەر کراون و بنەماڵەکانیان لە شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی وەپاڵدراوی کوڕەکانیان هیچ زانیارییەکیان نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، پێنج هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کران.

ئەو هاووڵاتییانە بە تۆمەتی\"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.