سێ لاوی کورد بە ١٦ ساڵ و حەوت مانگ زیندان مەحکووم کران
مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئارمان حوسێنزادە تەمەن ٢٠ ساڵ، "بەهمەن ڕەحیمی" تەمەن ١٩ ساڵ، "میلاد حوسێنی" تەمەن ١٩ ساڵ و "سینا عەبدوڵڵاهی" تەمەن ١٧ ساڵ" خەڵکی شاری بانە لە دادگای ئینقلابی سەقز دادگایی کران.
بەپێی حوکمی داسەپاوی دادگای ئینقلابی سەقز بە سەر ئەو هاووڵاتییانە، "ئارمان حوسێنزادە" بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ، "بەهمەن ڕەحیمی" بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و "میلاد حوسێنی" بە ٦ ساڵ و ٦ مانگ، زیندانیی مەحکووم کراون و هەتا ئێستا "سینا عەبدوڵڵاهی" حوکمەکەیان پێڕانەگەیاندووە.
دادگای ئینقلابی شاری سەقز، ئەو چوار هاووڵاتییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام، ئاگردانی بنێری قاسم سلێمانی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیونی حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردووە.
ئەو چوار هاووڵاتییە بانەییە ناوەڕاستی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.
"بەهمەن ڕەحیمی" و "میلاد حوسێنی" هەنووکە لە زیندان دان و "ئارمان حوسێنزادە" و "سینا عەبدوڵڵاهی"، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.
وێنە: ئارمان حوسێنزادە، بەهمەن ڕەحیمی، سینا عەبدوڵڵاهی و میلاد حوسێنی