سێ لاوی باکووری کوردستانی ئێران حوکم دران

15:16 - 16 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ، حوکمی ٤٢ مانگ زیندانی بەسەر ٣ لاوی کورددا سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو برا بە ناوەکانی هووشەنگ پیرووززادەگان و محەممەد پیرووززادەگان لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری ورمێ، بە ٢ ساڵ و شەش مانگ زیندان، حوکم دران.

ئەو حوکمە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا و بە بڕیاری دادوەر چابۆک لە لقی یەکی ئەو دادگایە دەرکراوە.

تاوانی ئەو دوو لاوە کە ٢ ساڵی بۆ هووشەنگ پیرووززادەگان بڕاوەتەوە، \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی\" ڕاگەیەندراوە.

برایانی پیرووززادەگان لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٤، لە دەورووبەری ورمێ دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیران.

هەروەها لە هەواڵێکی دیکەدا هاتووە؛ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ماکۆ بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو کەسە بە، نەسرەدین دالایی‏میلان بڵاوبووەتەوە کە لە کۆتایی وەرزی پاییزی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هەرسێکیان بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی لە بەندی زیندانییانی غەیرە سیاسی ڕاگیراون و دۆخی گشتییان نالەبارە.

بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ڕابردوو بە گشتیی ٧٣٤ هاووڵاتی بانگکراونەتە ناوەندە دادوەریی ــ ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە دەرچوونی ٦٣ حاڵەت حوکمی بەدواوە بووە.