سێ زیندانیی کورد لە زیندانی بۆکانەوە بۆ ورمێ و مەهاباد ڕاگوێزران

15:41 - 14 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانیی کورد، لە زیندانی شاری بۆکانەوە بۆ لێپیچینەوە بۆ ورمێ و مەهاباد ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، دوو زیندانیی لە زیندانی شاری بۆکان به ناوەکانی \"جەماڵ یووسفی\"، خەڵکی گوندی \"موشیرئاوا\" و \"حوسێن ئیبراهیم‌حەمزه\"، کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی \"قەرەگۆل\"، سەر بە شاری بۆکان، بۆ لێپێچینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.

ئەو دوو ‌هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی هاوکاریی و ئەندامەتیی یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە ماوەی دەسبەسەریدا له بوونی پارێزەر بێبەری بوونه.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، دوای دوو ساڵ لە دەسبەسەریی، چارەنووسیان هێشتا ناڕوونه.

پێنج ڕۆژ پێشیش، \"سەلاح شەریفزاده\"، که ماوەی ٦ مانگ بوو، لە زیندانی بۆکاندا بوو، بۆ لێپێچینەوە بۆ دادسەرای مەهاباد ڕاگوێزرابوو و هەنووکەش لە زیندانی مەهاباددایه.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، هاوینی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کراوه.