سێ زیندانیی لە زیندانی ناوەندی شاری ئیلام لە سێدارە دران

20:21 - 29 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانیی لە زیندانی ناەوندی شاری ئیلام، بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" لە سێدارە دران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری ئیلام، حوکمی لە سێدارەدانی سێ زیندانییان لە زیندانی ئەو شارە، جێبەجێ کرد.

ئەو سێ هاووڵاتییە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" حوکمی\" قیساس\"یان بە سەردا سەپا بوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەوڵە، شوناسی ئەو سێ زیندانییە لە سێدارە دراوە، ناڕوونە.

لە سێدارەدانی ئەم سێ زیندانییە لە حاڵێکدایە کە، جەواد لاریجانی بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤی ئێران لە وتووژێکدا، لەگەڵ کاناڵی ٢ی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران گوتووبووی: ڕێژەی کەم بوونەوەی ئێعدام لە ئێران لە سەدا ٥٠ کەمی کردووە و ئەمەش دەسکەوتێکی گرینگ، بۆ ئێمە بە ئەژمار دیت\".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ئامارەی بە ئێعدام کردنی ٢٥٣ هاووڵاتی لە ئێران کردبوو و هەروەها ئەو وڵاتەی بە دووهەمین وڵاتی جیهان لە ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی بە ئەژمار کردبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراوە، لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٩٧، ٥٥ هاووڵاتی لە کوردستان ئێعدام کراون و ١٠ هاووڵاتی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراون.

بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ٩٧، ٦ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار مورادی، لوقمان مورادی، کەماڵ ئەحمەدنژاد، ناسر عزیزی و ئەحەد شەباب، ئێعدام کراون و ٢ زیندانی سیاسی دیکە بە ناوەکانی ئەرسەلان خودکام و مەحیەدین ئیبراهیمی، بە ئێعدام مەحکووم کراون، کە حوکمی ئەم دوو زیندانییە سیاسیە کوردە، هەتا کاتی نادیار دواخراوە.