سێ زیندانیی سیاسیی کورد مەترسیی گیانیان لەسەرە

14:31 - 26 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: دوو زیندانی سیاسیی كورد لەزیندانەكانی دیزڵ ئابادی كرماشان و سنە بە هۆی دۆخی خرابی ناو زیندان تووشی نەخۆشی درێژخایەن هاتوون و هەروەها زیندانییەكی دیكەی سیاسی كورد لەگرتووخانەی ناوەندی ورمێ‌ ئەگەری لەسێدارەدانی لێ‌دەكرێ‌.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، حوكمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم دوای پشتڕاست كردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، رەوانەی لقی ئیجرای ئێحكامی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد كراوە و دوو زیندانی كوردی دیكەش بەناوەكانی زەینەب جەلالیان و خەبات محەممەدزادە بە دەست نەخۆشی چاو و گورچیلەوە دەناڵێنن.

\"22731.jpg\"
سامان نەسیم بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە یەكێك لە حیزبە سیاسییەكاندا حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە
حوكمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم زیندانیی سیاسی كورد لەگرتووخانەی ناوەندی ورمێ‌كە كۆتاییەكانی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە تەئید كرابوویەوە، حەفتەی پێشوو بە مەبەستی جێبەجێ‌كردنی رەوانەی ئیجرای ئێحكامی شاری مەهاباد كراوە.

سامان نەسیم خەڵكی شاری مەریوان لەكاتی دەستبەسەركرانی لەپووشپەڕی ساڵی ٩٠‌دا لەژێر تەمەنی ١٨ ساڵیدا بوو و ئەو زیندانییە كوردە بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە یەكێك لە حیزبە سیاسییەكاندا حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

بڕینەوەی حوكمی ئێعدام بۆ منداڵان لەئێران بە بەردەوامی جێگای رەخنەی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان بووە و رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، حكوومەتی ئێرانی بە \" ئێران، دوایین جەلادی منداڵان\" لەقەڵەم دابوو.

كەمپەینی بەرگری لەزیندانیانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی كردۆتەوە، پێشتریش پارێزەری سامان نەسیم سەبارەت بە تەمەن و هەروەها بڕینەوەی حوكمی سێدارە بۆ ئەو هاووڵاتییە كوردە ئێعترازی كردبوو و حوكمی دادگای مەهابادی بە \" نەبوونی سەلاحییەت\" و \"هەڵوەشاوە\" وەسف كردبوو.

\"22732.jpg\"
هەنووكە نەخۆشی \" ناخونەك\" هەڕەشە لەبینایی زەینەب جەلالیان دەكات
لەلایەكی دیكەوە زەینەب جەلالیان كە ماوەی ٧ ساڵە لەدەستبەسەریدایە، لە دۆخێكی جەستەیی زۆر خرابدا بەسەر دەبات و چاوەكانی \"گۆشتی زیادە\"‌یان هێناوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە هەتا ئێستا چەندین جار سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی و رێگری بەرپرسانی زیندان لەچارەسەریی، مانی لەخواردن گرتووە و هەنووكەش نەخۆشی \" ناخونەك\" هەڕەشە لەبینایی دەكات.

نەخۆشی ناخونەك (گوشتی زیادە و مرواری) تەنیا رێگەی چارەسەركردنی نەشتەرگەریە و ئەگەر چارەسەر نەكرێ‌ئەگەری ئەوە هەیە نەخۆش بینایی چاوەكانی لەدەست بدات.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتی شاری كرماشانەوە دەستبەسەر و سەرەتا لەلایەن دادگای ئینقلابی ئوستانی كرماشانەوە بە ئێعدام حوكم درا و دواتر ئەو حوكمە كرا بە زیندانی هەتاهەتایی.

خەبات محەممەد زادە كوڕی یوونێس و خەڵكی سنە زیندانییەكی دیكەی سیاسیی كوردە كە لە زیندانی شاری سنەدا راگیراوە و بەدەست نەخۆشی گورچیلەوە دەناڵێنێ‌.

خەبات لە خۆپیشاندانەكانی خەڵكی شاری سنە بەنیشانەی ناڕەزایەتی بە ئێعدامی فەرزاد كەمانگەر و هاوڕێیانی دەستبەسەر كراوە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە دوای دەستبەسەركردنی، بۆماوەی سێ‌مانگ لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەژێر فشار و ئەشكەنجەدا بووە و هەر لەو كاتەدا زەربە بە گورچیلەكانی گەیشتووە.

خەبات محەممەدزادە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ١٦ ساڵ زیندان حوكم درابوو و دواتر ئەو حوكمە لە دادگای پێداچوونەوەی ئوستاندا بۆ ٨ ساڵ زیندانی كەم كرایەوە.