سێ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی نەغەدە ڕەوانەی بەندی ماددە هۆشبەرەکان کران

11:45 - 29 جۆزەردان 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "شەفیع محەممەدنژاد، خزر قادری‌ئازەر و ئیسماعیل محەممەدپوور" خەڵکی شاری پیرانشار، لە بەندی زیندانییانی سیاسی ڕەوانەی ژووری گیرۆدەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان کراون.

هەواڵی گەیشتوو لە زیندانی نەغەدە بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی زیندانی نەغەدە بەبێ هیچ  ڕوونکردنەوە و هۆکارێک ئەو سێ زیندانییە سیاسییە کوردەیان لە بەندی زیندانییانی سیاسی بۆ بەندی گیرۆدەبووان بە مادە هۆشبەرەکان گواستووەتەوە.

سەرچاوەی کوردپا لە زیندانی نەغەدە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "بەهۆی کێشانی ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانی نەغەدە، ئەو سی زیندانییە سیاسییە شەوانە ناتوانن بخەون و ئەگەر لەو بەندە ڕانەگوازرێن، ئەگەری تووشبوونیان بە مادە سڕکەرەکان هەیە".

سەرچاوەی کوردپا لە زیندانی نە‌غەدە لە کۆتاییدا باسی لە کەمیی خۆراک لەو زیندانە کرد.

ئەو سێ هاووڵاتیی پیرانشارییە، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.

ئیسماعیل محەممەدپوور ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر و شەفیع محەممەدنژاد و خزر قادری ئازەر، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، دسبەسەر و پاش لێپرسینەوە لێیان بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوون.