سێ زیندانیی ئاسایی لە ژووری تاکەکەسی لەخۆیان دا

16:37 - 13 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانی ؛ بە هۆی \"هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی بەرپرسانی گرتووخانە\"ـی ڕەجایی‌شاری کەرەج، لەخۆیان داوە(خودزنی).

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ زیندانی لە ڕۆژی ١٠ی بەفرانبارەوە تاکوو ئێستا بە دەست و پێی بەستراو لە ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج ڕاگیراون.

ئەوان لەدوای ڕاگواستنیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی پێنج و ڕاگیرانیان بە بێ هۆ، خۆیان بریندار کردووە.

خزمی یەکێ لە زیندانییەکان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی لەخۆدانەکە، بە \"چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران\"ـی وتووە؛ بنەماڵەکان لە پێوەندیگرتن لەگەڵ ئازیزانیان بێبەش کراون و بەدواداچوونی بەردەوامیشیان لە گرتووخانە تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و تەنانەت هەڕەشەیشیان لێ کراوە.\"

ڕەزا کەریمی، محەممەد نەورووزی، فروود نادری ناسنامەی ئەو سێ زیندانیەیە و سەرەڕای برینداربوونیان پاش هێرشی هێزەکان بۆ بەندی ٦ی گرتووخانە، هێشتا لە ژووری تاکەکەسی بە دەست و پێی بەستراو ڕاگیراون.

دەوترێت، بڕیاری لێدان و بریندارکردنی ئەو زیندانییانە لەلایەن \"مەردانی\"، بەرپرسی گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەجەوە دراوە.

هەڵسوکەوتی لەم چەشنەی هێزەکانی گرتووخانە لەکاتێکدایە کە بەپێی بەندی \"ج\" لە مادەی ٢٤ی یاسای زیندانەکان؛ چۆنیەتی کاروکردەی هێزەکان لەگەڵ مەحکوومان لەئەستۆی بەرپرسی ڕێکخراوی گرتووخانەکان و ئەو گرتووخانەیە و هێزی خەتاکار بە دوو تا پێنج ساڵ حەبس و دانی دیە مەحکووم دەکرێن.