سێ داعشی بۆکانی لە شەڕی سووریەدا کوژران

20:49 - 25 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە شەڕی شاری ڕەققەدا، میلیشا کوردە چەکدارەکانی ئێران، لە ڕیزی ئەندامانی داعشدا بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی حەوتووی ڕابردوو سێ لاوی خەڵکی شاری بۆکان لە پرۆسەی ڕزگار کردنی شاری ڕەققەدا، لە ڕیزەکانی داعشدا کوژران.
کوژراوەکان تەمەنیان کەمتر لە ٢٦ ساڵ بووە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری بۆکان لە زاری یەکێک لە نزیکانی کوژراوەکانەوە، هەواڵی کوژراوەکانی شارۆچکەی\"میرئاوا\" ی شاری بۆکانی پشتڕاست کردەوە.

شوناسی ئەو سێ کوژراوە بە ناوەکانی؛ ئەمیر ڕابا کوڕی ڕەحمان، حوسێن ڕابا کوڕی ئیبراهیم و سەعید فاروقی کوڕی ئەحمەد ڕاگەیەندراوە.

دەگوترێ، لاوێکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا کوژراوە، بەڵام ئاژانسی کوردپا ناتوانێت ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

یەکێک لە نزیکانی کوژراوەکان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە، ئەو سێ لاوە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵ، لەلایەن کەسانی سەربەحکومەتەوە نێردراونەتە نێو ڕیزەکانی داعش و لەو ڕێکخراوەدا بوونەتە ئەندام.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ناوی دووکەس لەو دەستوپەیوەندییانەی حکوومەت کە پێشنوێژ و مەڵای مزگەت بوون و هاندەری ئەو لاوانە بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی داعش بوونە، بە ناوەکانی \"ح.ق\"و\"م.ع\" ڕاگەیاندووە.

ناوبراو هەروەها گوتی؛ ئیدارەی ئیتلاعات ئیزنی ڕێوڕەسمی سەرخۆشی بە بنەماڵەی کوژراوەکان داوە.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ١٢٠ کەس لە کوردستانی ئێران پەیوەست بە ڕیزەکانی داعش بوون کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان، هێرشە ئاسمانییەکان و خۆتەقاندنەوە لە وڵاتی عێراق و سووریە کوژراون.

عەبدوڵڵا ئەحمەدی، موعتەسم نەزەری، محەممەد ئیبراهیمی شەرتی، نەجمەدین تەها زادە، ئاوارە مەهابادی، بیلال کوردی و چیا سولتانی ناوی هێندێک لە کوژراوەکانی ئەمساڵ لە ڕیزەکانی داعشدا بوون.