سێ خۆکوژی لە حەوتوویەکدا، لە ناوچەی هیلیلانی ئیلام

14:32 - 27 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە هۆی هەژاری و دەستکورتیی بنەماڵەکەی هانای بۆ خۆکوژی برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی مێرمندااڵی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی گوندی \"تازاوا\"ی ناوچەی هیلیلانی پارێزگای ئیلام، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەرچەند سەرچاوەکان شوناسی ئەو کچە تەمەن ١٧ ساڵەیان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەکان باس لە خۆکوژی ئەو کچە بە شێوەی خۆهەڵواستن دەکەن.

سەرچاوە خۆجێیەکان، خۆکوژی ئەو کچە تەمەن ١٧ساڵەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە بە هۆی دەستکورتی و هەژاریی بنەماڵەکەی نەیوانیوە ناوی خۆی بۆ زانکۆ بنووسێت، لە حاڵێکدا لە تاقیکارییەکاندا دەرچووە.

ئەمە سێهەمین خۆکوژییە لە بەخشی هیلیلان سەر بە پارێزگای ئیلام ڕوو دەدات و هەر لەو پێوەندییەدا، کچێکی مێڕمنداڵی دیکەی تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی گوندی \"شیراوەند\" لەم حەتوویەدا خۆی کوشتووە.

کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، لەو باوەڕەدان، کە هەژاری، دەستکورتی، بێهیوای لە نێو لاوان، هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو مێرمنداڵان و لاوان بە ئەژمار دێن.