سێ خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان لە خوێندن بێبەش کران

18:06 - 9 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی فشار و دەستبەسەر کردنی چالاکانی خوێندکاریی کورد لە شاری مەریوان، سێ خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری مەریوان لە مافی خوێندن بێبەری کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ حەراسەتی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان بە بڕیاری راستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات بەشێوەی کاتی مافی درێژەدان بە خوێندنیان لێ زەوت کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان شوناسی ئەو سێ چالاکە خوێندکارییەی \"دانا ئه‌مینی خوێندکاری زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، سۆران ڕاوش خویندکاری بەشی کشتوکاڵ و مه‌یسه‌م جه‌وانمیری خوێندکاری زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان راگەیاندووە.

\"18102.jpg\"
مەیسەم جوانمیری، دانا ئەمینی و سۆران راوش ئەو سێ چالاکە خوێندکارییە کوردەن کەلە درێژەدان بەخوێندن بێبەش کراون
دەگوترێت، ئەو سێ چالاکە خوێندکارییە دوێنێ سێ‌شەممە لەلایەن حەراسەتی زانکۆوە بانگهێشت کراون و ئەو بڕیارەیان پێ راگەیاندراوە.

بێبەش کرانی ئەو سێ چالاکە خوێندکارییە دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رێبەندان شەپۆلێکی دەستبەسەر کردن و بانگهێشت کردنی چالاکانی خویندکاریی کورد شاری مەریوان گرتەوە، کە تیایدا دانا لەنجاوایی دەستبەسەر کرا و چەندین چالاکی خوێندکاریی دیکەی وەک ئارەش زەمانی، هێمن بیگلەری، سۆران دانیشوەر، بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراوە.

دەگوترێت ئەو چالاکە خوێندکارییانە بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی دژ بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد، لە شاری مەریوان بەرەوڕووی فشاری دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بوونەتەوە.

دانا لەنجاوایی پاش ٤ رۆژ لە دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی راگیرانی روون نەبۆتەوە و لە دەستبەسەریی هێزە ئەمهییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا ماوەتەوە.