سێ حاڵەتی تاوانکاری لە ئەیوانی رۆژئاوا و دابەزینی ئاستی یەکتر قەبووڵ کردن

20:20 - 7 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ چوونەرسەرەوەی قەیرانی ئابووری و کێشەی بنەماڵەیی لە کوردستان، قەیران و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانیش رەهەندی نوێی بەخۆیەوە گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو شەو پێش ئیستا لە شاری ئەیوانی رۆژئاوا لە ئوستانی ئیلام، سێ حاڵەتی کوشتن، خۆکوژی و خۆکوشتنی گوماناوی هاتوونەتە ئاراوە.

دوو رووداوی یەکەم کاتێک هاتوونەتە ئاراوە، کە دوو بنەماڵە لەسەر مڵک و زەوی کێشەیان لە نێواندا دروست بووەو لە ئەنجامدا کەسێک بە زەبری چەک کوژراوەو پاشان بکوژەکەش کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

هاوکات لە شەوی ٥ی رێبەنداندا و پاش چەند کاتژمێر لەو رووداوە، تەرمێکی سوتاو گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەریی ئەیوانی رۆژئاوا، کە هێندیک لە میدیا ناوچەییەکان، ئەو رووداوانەیان لەو شەوەدا بە شوی \"تگزاز\"ی وەسف کردووە.

بەپێی ئاماری پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئیلام، سەردانی سکاڵاکاران بۆ ئەو ئیدارەیە لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، لەسەدا ١٢ زیادی کردووە.

لە ساڵانی رابردوودا هاوکات لەگەڵ چوونەسەرەوەی ئاستی گرانی، بێکاری، و بلۆکە کرانی سەرچاوە داراییەکان و بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی کوردستان، خەسارە کۆمەڵایەتییەکانیش روویان لە زیادبوون کردووەو ئەمەش ئاستی یەکتر قەبووڵ کردنی تاکەکانی لاواز کردووە.

\"24422.jpg\"
مەجید محەمەدی، کۆمەڵناس
١- پەرەپێدانی توندوتیژی لەلایەن دەسەڵات وەکوو (لێدان و بریدنار کردنی هاوولاتییان لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکان و پۆلیس و لەسێدارەدان لە بەرچاوی خەڵک، کە بەمەبەستی سڕینەوەی دژبەران ئەنجام ئەدرێت)، ٢- زیادبوونی کەلێن لەنێوان داخوازییەکان و راستیەیکان کە ئەنجامی جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا ٣- دابەزینی هاوپەیونەدیی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەیەکدا ، ئە وسێ فاکلتۆرەن، کە مەجید محەمەدی کۆمەڵناسی دانیشتووی ئەمریکا، بە سێ هۆکاری دابەزینی ئاستی یەکتر قەبووڵ کردن لە وڵاتی ئێراندا لە قەڵەمی داون.