سینا مینایی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ڕاگوێزرا

10:54 - 15 خەزەڵوەر 2721

لاوێکی کورد بە ناوی "سینا (کەریم) مینایی"، تەمەن ١٨ ساڵ، کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شنۆ، پاش دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، سینا مینایی لەگەڵ لاوێکی دیکە بە ناوی "عەبدوڵڵا یووسفی"، خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو لاوە کوردەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردبوو کە عەبدوڵڵا یووسفی چەند کاتژمێر دواتر ئازاد کراوە.

هەروەها سینا مینایی ساڵی ٩٩، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر و دوای کۆتایی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی سینا مینایی، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.